هاوبەشەکان
حکوومەت: ئەنستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان دامەزراوەیەکی حکوومییە و هەوڵ دەدات لە سەرجەم کارەکانیدا هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەت هەبێت. یەکێک لە ئامانجەکانمان ئەوەیە کە شیان و توانا زانستییەکانی (KII) لەگەڵ دامەزراوە حکوومییەکانی تر هاوبەشیی پێ بکرێت.
ناوەندە ئاکادیمییەکان: ئەنستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی دوولایەنەی پتەو لەگەڵ سەرجەم زانکۆ و کۆلێژەکان دامەزرێنێت، چونکە پێمان وایە هەبوونی پردی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە ئاکادیمییەکان ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان هەردوولادا.
وەبەرهێنەران: لە چوارچێوەی تۆڕی هەماهەنگی و هاوکاریی ئەنستیتیوتەکەماندا لەگەڵ ژمارەیەک وەبەرهێن و خاوەنسەرمایەدا کار دەکەین بۆ دڵنیاییدان لە سەقامگیریی پرۆسەی پەرەپێدانی داهێنانەکان. بیرۆکەکە بەم شێوەیە کە دەرفەتێک بۆ وەبەرهێنەران بڕەخسێنین تاکوو بەشدار بن لە دامەزراندنی کارگە و وۆرکشۆپی پێشکەوتوودا بۆ پەرەپێدانی ئەو بەرهەم و داهێنانانەی (KII) کاریان لەسەر دەکات. دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی وەبەرهێنەران و خاوەنسەرمایەکان دەبێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیری لەو مۆدڵەی داهێنان و نوێگەرییە کە (KII) ئامانجیەتی لە کوردستان دایمەزرێنێت.
سەنتەرەکانی داهێنان: ئێمە پێمان وایە کاری هاوبەش لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکە و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و زانیارییەکان لە بوارە جیاجیاکانی وەک بەبازاڕکردن و کارگێڕیدا، پڕۆژەکانمان دەوڵەمەندتر دەکات. هەر لەم چوارچێوەیەشدا، بە خۆشحاڵییەوە تۆڕێکی پەیوەندیمان لەگەڵ دوو سەنتەری داهێنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراندووە کە بریتین لە (Qatar Foundation) لە وڵاتی قەتەڕ و (Al-Sharja Innovation Center) لە ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی. هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانمان بۆ فراوانترکردنی کارەکانمان لەگەڵ ئەم دامەزراوانە، کاریش دەکەین بۆ بنیادنانی پەیوەندی و کاری هاوبەش لەگەڵ سەنتەرەکانی داهێنان لە سەرانسەری جیهان.
کۆمپانیاکان: ئەنستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان پێویستی بە ژمارەیەک هاوبەشی کارا هەیە لە سێکتەری بەرهەمهێنانی کارگەیی، هاوکات کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی کاری هاوبەش لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا لەگەڵ ئەو لایەنانەی خاوەنی ئەزموونن لە دیزاین و پەرەپێدانی بەرهەمەکان. هەر بۆ ئەم مەبەستە پێشوازی دەکەین لە هەر کۆمپانیایەک خواستی کاری هاوبەشی لەگەڵ ئەنستیتوتەکەمان هەبێت.