لایەنە سەرەکییەکانی مۆدڵی تازەگەری
لە مۆدڵی تازەگەریدا سێ لایەنی سەرەکی هەن کە بریتین لە حکوومەت، ناوەندە ئاکادیمییەکان و ناوەندە پیشەسازییەکان.
حکومەت
ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستپێشخەریی دامەزراندنی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستانی پێشکەش کرد بۆ ئەوەی حکوومەت ببێتە پاڵنەری مۆدڵی تازەگەری و دەستنیشانی ئەو بوارانە بکات کە ئینستیتوتەکە وەک کاری لەپێشینەی خۆی بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، پەرەیان پێ دەدات. بوارەکان بریتین لە: وزەی نوێبووەوە، ئامرازە کارەباییەکان بۆ هاتوچۆ و گواستنەوە، تەندروستی، بیناسازی و پرێنتی سێڕەهەندی. حکوومەت پاڵپشتیی داهێنەران دەکات ئەگەر داهێنانەکانیان سەرکەوتوو بوون و، ئەگەر ئەوەش سەلمێنرا کە داهێنانەکە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە و بەرچاو، ئەوە حکوومەت شوێنی بەرهەمهێنان بۆ داهێنەرەکان دابین دەکات.
ناوەندە ئاکادیمییەکان
لە مۆدڵی نوێگەریی ئینستیتیوتەکەماندا ئاکادیمیا دووەم گرنگترین لایەنە کە ڕۆڵ دەبینێت لە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوە و بەرفراوانکردنی سنوورەکانی زانست و زانیاری. ئینستیتوتی داهێنان و نوێگەری بە شێوەیەکی چالاک و بەردەوام ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکات لەگەڵ ئەو زانکۆیانەی کوردستان کە خوازیاری جێبەجێکردنی کاری هاوبەشن.
پیشەسازییەکان
لایەنی بەرهەمهێن گرنگییەکی زۆری لە مۆدڵی تازەگەریدا هەیە، بەڵام ژێرخانی کارگەکانی بەرهەمهێنان لە کوردستان پێویستی بە پەرەپێدانی زیاترە بۆ ئەوەی ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ داهێنان و نوێگەرییەکی بەرچاو. جگە لە دامەزراندنی کارگەیەکی تایبەت بە خۆی، ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان پەیوەندی بە بەرهەمهێنە نێودەوڵەتییەکانیشەوە دەکات بۆ کاری هاوبەش و یارمەتیدانی خاوەنی بیرۆکەکان بە مەبەستی دروستکردنی نموونە سەرتاییەکانی ئامێرەکانیان.