دامەزراوەی KII
لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەنستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان دەبێتە ڕێکخراوێک کە پێک هاتووە لە بۆردی بەڕێوەبەران و هاوبەڕێوەبەرانی جێبەجێکار و تیمەکانی بەڕێوەبەری و ڕاوێژکاران، لەگەڵ چەندین بەشی جیاجیا کە بریتی دەبن لە بەشی جێبەجێکاری، بەشی ڕێکخستن، بەشی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و بەشی پەیوەندییەکان. هاوکات چەندین بەشی دیکە بۆ پەرەپێدانی بەرهەمەکان لەو بوارانەدا کە حکوومەت پێشنیازیان دەکات، دادەمەزرێن. بوارەکان بەگشتی بریتین لە زانست، تەکنەلۆجیای خۆکار، ئامرازە ئەلیکترۆنییەکانی گواستنەوە و گەیاندن، وزەی نوێبووەوە و تەکنەلۆجیاکانی بواری پیشەسازی و بیناسازی. هەر بەشێک کە لەم بوارە جیاجیایانەدا کار دەکات، تیمێکی تایبەتی جێبەجێکاری دەبێت بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەکان.
لە سەرەتادا دامەزراوەکە بە تیمێکی بچووکتر بۆ ڕاییکردنی کارەکانی دەستبەکار دەبێت و دواتر ئەم تیمە گەورەتر و بەرفراوانتر دەکرێت.
تیمی بەڕێوەبەری
تیمی بەڕێوەبەری دەبێتە بەشی جێبەجێکاری (KII) و جگە لە بۆڕدی کۆبەڕێوەبەران، چەندین بەڕێوەبەری پڕۆژە لەخۆ دەگرێت کە هەرکامەیان ئەرکی پڕۆژەیەکی جیاوزی دامەزراوەکە لە ئەستۆ دەگرن.
تیمی ڕاوێژکاری
تیمی ڕاوێژکاریی (KII) لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆدا دەبێت لەگەڵ تۆڕێکی بەرفراوان لە پسپۆڕان و شارەزایانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. هەر لە ڕێگەی ئەم تیمەوە، پڕۆژەکانی (KII) سوودمەند دەبن لە ڕاوێژ و ڕێنوێنی و چاودێریکردنی کاری داهێنەران لە لایەن کەسانی خاوەن ئەزموون و شارەزاوە.
بەشی هاوکاری نێودەوڵەتی
بۆ پاڵپشتیکردن لە پڕۆژە و چالاکییەکان، پێویستە (KII) پەیوەندیی هەبێت لەگەڵ لایەن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. ئەم بەشەی دامەزراوەکەمان ئەرکی دروستکردنی ئەم پەیوەندییەی لەگەڵ پسپۆڕان و ڕێکخراوەکان و کۆمپانیاکانی دەرەوەی کوردستان لە ئەستۆ دەبێت.
بەشی جێبەجێکار
ئەم بەشە یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی (KII) کە بەرپرسە لە سەرپەرشتیکردنی کاری پەرەپێدان لە داهێنانەکان و پڕۆژەکانی دیکەی دامەزراوەکە. بەڕێوبەرەکانی ئەم بەشە بەگشتی ئەندازیاری بوارە جیاجیاکان دەبن.
بەشی ڕێکخستن
پەرەپێدانی پڕۆژە و بەرهەمەکانی (KII) بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەبێت و ئەم بەشە بەرپرسە لە پەرەپێدان و تۆمارکردنی سەرجەم پڕۆژەکان بەپێی پرۆسەیەکی نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی بەرزترین ئاستی کوالێتی و سەلامەتی لە بەرهەمەکاندا ڕەچاو دەکرێت.
بەشی پەیوەندییەکان
ئەم بەشە سەرپەرشتیی سەرجەم کاروبارەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکان و میدیاوە دەکات. هاوکات بڵاوکراوەکانی (KII) بۆ ناساندنی پڕۆژە و بەرهەمەکان لە بازاڕدا، ئەرکی بەشی پەیوەندییەکان دەبێت.